لە کاتێکدا جیهانی ئیسلامی به‌ده‌ست برینەکانی غەززەوه‌ ده‌ناڵێنێت و شەپۆلی دژەئیسلامی لە ڕۆژئاوادا پەرە دەستێنێت، به‌ڵام له‌ مێژووی نوێی بەریتانیا ئامادەیی موسڵمانان لە لووتکەی دەسەڵاتدا بووه‌ته‌ مایەی پاراستنی دادپەروەری و سەرکەوتنی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ كاری سیاسیدا تۆمار كراوه‌.

 

به‌گوێره‌ی ئامارێكی دامەزراوەی توێژینەوەی پەیمانگەی ئایان لە لەندەن بێت، لە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکان، ژمارەی پەرلەمانتارانی موسڵمان لە ئەنجوومەنی گشتیی بەریتانیادا گه‌یشتووه‌ته‌ 24 ئەندام، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی نوێنەرایەتی ئیماندارانە لە مێژووی پەرلەمانی وێستمینستەردا.

 

لە کۆی ئەو 24 نوێنەرە، 18 پەرلەمانتاریان سەر بە پارتی کرێکاران و 2 ئەندام لە پارتی پارێزگارانن، هاوکات 4 بەربژێری سەربەخۆش بە دەنگی شەقامی ناڕازیی موسڵمانان و لەپێناو خەمی غەززە سەرکەوتنێکی گەورەیان به‌ده‌ست هێناوه‌.

 

ئەم دەستکەوتە مێژووییە بە بەشداریی کارای 13 ژن و 11 پیاوی موسڵمان بەدەست هاتووە، کە لەنێویاندا کەسایەتی وەک ڕوشانارا عەلی، شەبانە مەحموود و یاسەمین قوڕەیشی بە 14 ساڵ خزمەت، پێشەنگی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بوون لە پەرلەماندا.

 

سەرجەم ئەم پەرلەمانتارانە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی ڕەوشتییان بە دەنگدەرانی موسڵمان دابوو کە لە هۆڵی پەرلەماندا ببنە دەنگی بێدەنگکراوان و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین بن.

 

سەرکەوتنی 4 بەربژێری سەربەخۆ لە شارەکانی بلاکبێرن، بێرمینگهام، دیوزبێری و لێستەردا سەلماندی کە دەنگی یەکگرتووی موسڵمانان هێزێکی کاریگەرە و ڕێگە نادات سازش لەسەر خوێنی بێتاوانانی جیهانی ئیسلامیدا بکرێت.

 

هاوکات لە پایتەختی بەریتانیادا، سادیق خان وەک شاریارێکی موسڵمان سەلماندی کە بەهاکانی بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە دەتوانن لەندەن بکەنە پارێزراوترین شاری ئەوروپا لە بەرامبەر تۆمەتە ناڕەواکانی نەیاراندا.

 

ئامارەکانی پۆلیسی میترۆپۆلیتان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ساڵی 2025دا تەنیا 97 ڕووداوی کوشتن تۆمار کراون، کە ئەمەش کەمترین ئاستی کوشتنە لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا و بە ڕێژەی 11 لەسەد لە ساڵی پێشوو کەمترە.

 

بەراوردی ئامارەکان لەگەڵ دەستپێکی خولی سادیق خان لە ساڵی 2016دا نیشانی دەدات کە تاوانی چەک بە ڕێژەی 43 لەسەد، دزیی ماڵان بە 27 لەسەد، کوشتن بە 17 لەسەد و بریندارکردنی توندوتیژ بە 13 لەسەد کەمی کردووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا لەندەن بە ڕێژەی 1.1 کوشتن بۆ هەر 100,000 کەس، ژینگەیەکی زۆر ئارامتر لە شارەکانی وەک پاریس، بەرلین، برۆکسل و تەواوی شارە گەورەکانی ئەمریکا دەستەبەر دەکات.

 

یەکەی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە شاریاریی لەندەندا بە ڕەخساندنی زیاتر لە نیو ملیۆن دەرفەت بۆ لاوان، گیانی دەیان گەنجی لە توندوتیژی پاراستووە و فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی چەسپاندووە.

 

ئەم ئەزموونە مێژوویییەی بەریتانیا پەیامێکی گەورەی ئومێدە بۆ موسڵمانان لە هەموو جیهاندا، کە باوەڕ و کارامەیی دەتوانن لە دڵی ڕۆژئاوادا ببنە قەڵغانی پاراستنی شکۆی مرۆڤ و دەنگی سەربەرزیی ئیسلام.