بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین و بروسکە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی کاریگەریی هاوبەشی هەردوو نزمەپەستانی دەریای سپیی ناوڕاست و دەریای سوورەوە، ئاسمانی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی کەشوهەوا دەبێتەوە و شەپۆلێکی بارانبارین و بروسکە ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کرد، چالاکبوون و بەهێزبوونی کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت.
کەشناسیی هەرێم هۆشداری دەدات، کە لەم ماوەیەدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا هەیە، هاوکات مەترسیی ڕوودانی هەورە تریشقەی بەهێز هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە دەشتاییەکاندا.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە نزیکەوە چاودێریی گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان دەکەن و لە کاتی سەرهەڵدانی هەر پێشهاتێکی نوێدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.