بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان، شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی وڵاتانی جیهان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد.
کەمێک پێش ئێستا، نێردە و نوێنەرانی دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، رووسیا، تورکیا، ئێران، دانیمارک، هۆڵەندا، یۆنان، هیندستان، کۆریا و ژاپۆن، هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)ـیش لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە ناوەوەی باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە پیرۆزباییکردن بووە لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هاوکات دەربڕینی پاڵپشتی بووە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواوی هەنگاو و ڕێکارە یاساییەکانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی بۆ کونسوڵ و نوێنەرانی بیانی خستە ڕوو؛ هاوکات تیشکیان خستە سەر بایەخی گەڕانەوەی ئەم دامەزراوەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکان لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمدا.
پەرلەمانی کوردستان، پاش زیاتر لە 2 ساڵ پەککەوتن، بە بەشداریی زۆرینەی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ کۆتایی بە دانیشتنی یەکەمی خۆی هێنا و دەستەی سەرۆکایەتیی خولی نوێی هەڵبژارد.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەمیرە حەسەن، وەک سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی کرا، لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیال دیموکرات، بەرەی گەل، بە هاوکاریی فراکسیۆنەکانی کریستیان و تورکمانەکان بەشدارییان کرد.
لە بەرامبەردا فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، هاوکات یەکگرتوو، کۆمەڵ، هەڵوێست و گۆڕانیش ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتاری جیابووەوە لە یەکێتی، نەوەی نوێ و هەڵوێست (نیشتمان ناوپردانی، هەردی سەلاح، محەممەد فەیسەڵ، شڤان سەعید، خالید محەممەد، داریوش عەلی، سازگار فەریق و سارا موحسین) ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و نیسابی یاساییان تەواو کرد.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ هەڵبژێردرا کە پێکهاتبوو لە ڤاڵا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان، ڕامی نووری بە جێگری سەرۆک و مونا قاوەچی بە سکرتێری پەرلەمان، بە بەدەستهێنانی 52 دەنگ بۆ هەریەکەیان.
شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی وڵاتان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد
کورتە
شاندێکی دیپلۆماسیی باڵای وڵاتانی جیهان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ کۆبوونەوە؛ تێیدا هەنگاوە یاساییەکانی دەستپێکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد.