لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ڕێگەوبان و پەرەپێدانی کەرتە گەشەپێدانەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی پڕۆژەی ستراتیژیی جووتسایدی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل)ـی بە فەرمی کردەوە.
ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە بە گوژمەی 90 ملیار دینار و بە درێژیی 10 کیلۆمەتر جێبەجێ کراوە، کە دروستکردنی هەردوو تونێلی سەردەمیی (میراوە و ماوەران) لەگەڵ سێ ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت. پڕۆژەکە کاتی هاتووچۆی نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ نیو کاتژمێر کەم دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەکە دڵخۆشیی خۆی بۆ تەواوبوونی ئەم کارە هاوچەرخە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا، دروستکردنی ئەم ڕێگایە ڕۆڵێکی گرنگ لە بەستنەوەی ناوچەکانی پیرمام، شەقڵاوە، ماوەران و کاوانیان پێکەوە دەگێڕێت و شێوازێکی یەکجار جوان و ڕێک بە تۆڕی ڕێگەوبانەکانی ئەو دەڤەرە دەبەخشێت.
مەسرور بارزانی پەیامەکەیدا داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و شۆفێران کرد، لە کاتی بەکارهێنانی ئەم ڕێگا خێرا نوێیەدا، بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن تاوەکو سەلامەتیی خۆیان، کەسوکارەکانیان و سەرجەم هاووڵاتییانی تر بپارێزن.
لە پڕۆژەکەدا تەکنەلۆجیای ئەندازیاریی دەنگی لە مەودای 800 مەتری بەکارهێندراوە، بە جۆرێک کاتێک شۆفێر بە خێرایی دیاریکراوی 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات، ئاوازی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب) لەسەر شەقامەکە پڕ دەبێتەوە، مەسرور بارزانی ئەم داهێنانەی بە هەنگاوێکی زۆر جوان جیاواز وەسف کرد و هیوای خواست هاووڵاتییان بە لەسەرخۆیی و دوور لە خێرایی لێخوڕین تاقی بکەنەوە.
ڕووناککردنەوەی شەقامەکەی پڕۆژەی (کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) بە درێژایی 9.7 کیلۆمەتر بە سیستەمێکی هاوچەرخ و بە بەکارهێنانی وزەی پاکی خۆر جێبەجێ کراوە.