زیاتر لە سەد هەزار هاووڵاتی لە باشووری هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە جۆراوجۆرەکان.
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە، نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی فراوانی پێشکەش بە دانیشتووان کردووە، بە جۆرێک 47,740 نەخۆش سەردانی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان کردووە.
لە بەشی پسپۆڕییە پزیشکییەکاندا، پزیشکی منداڵان بە 7,176 سەردانکەر و ژنان و منداڵبوون بە 7,149 سەردانکەر لە پێشەنگی بەشەکاندا بوون، لەپاڵ ئەوانیشدا پسپۆڕییەکانی ئێسک و شکاوی بە 5,873 نەخۆش و هەناوی بە 5,699 نەخۆش تۆمار کراون.
هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاقیگە و بانکی خوێن 65,312 پشکنینی ئەنجام داوە و بەشی فریاکەوتن پێشوازی لە 16,509 هاووڵاتی کردووە، لەلایەکی ترەوە، 18,886 نەخۆش سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان کردووە، هەروەها 537 نەشتەرگەری و زیاتر لە 118,000 پشکنین و چارەسەری تایبەتی پزیشکی لەو نەخۆشخانەیەدا ئەنجام دراون.
کەرتی تەندروستی لە قەزا و شارۆچکەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان، بەردەوام ڕووبەڕووی لێشاوی هاووڵاتیان دەبێتەوە و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان لەو ناوچانە بەردەوامییان هەیە.
خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە کفری فراوانتر دەکرێن
کورتە
نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێشکەش بە 47,740 نەخۆش کردووە، هاوکات 537 نەشتەرگەری و زیاتر لە 118 هەزار پشکنین و چارەسەری ئەنجام داوە.