دوابەدوای دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکاری دەکات و لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتەکە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دابوو، نرخی یەک لیتر لەو نەوتە بە 250 دینار لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە دیاری کراوە، بە مایکانیزمێکی گونجاو لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەدا، پرۆسەی دابەشکردنەکە بەسەر پارێزگاکاندا دەست پێدەکات.

سەبارەت بە ئامادەکارییە کارگێڕییەکان لە ناوچە جیاوازەکان، دڵشاد ساڵح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان بۆ نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەدا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و سەرەتاش لە سنووری قەڵادزێوە دەست پێدەکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕی 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی هەیە، تاوەکو بتوانرێت تەنیا یەک بەرمیل (واتە 200 لیتر) بۆ هەر خێزانێک لە سەرانسەری هەرێمدا دابین بکرێت.

لای خۆیەوە، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرقاڵی ڕێکارەکانی گەیشتنی نەوتەکەیە و بەم زووانە دەگاتە هەرێم، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرکاتێک نەوتەکە بگات، لە ناوچە شاخاوییەکان وەک پێنجوێن، قەڵادزێ و هەورامانەوە دابەشکردنەکە دەست پێدەکات.

ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ئەم نەوتە بۆ هەرچوار پارێزگایەی هەرێمە و لەگەڵ گەیشتنیدا لە ناوچەی حاجی ئۆمەرانەوە بە کۆبۆن دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. 

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دابینکردنی ملیۆنێک لیتر نەوتی تایبەت بە دەڤەری باڵەکایەتی دەکەن، ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئاگاداری ئەو بابەتە نیین و تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوەیە، لە کاتی ڕاستبوونی هەواڵەکەشدا ڕێکارەکانی بڵاو دەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو لە 13ـی 10ـی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێکردبوو.