پێگەی وەزیری جەنگی ئەمریکا لە مەترسیدایە؛ لەلایەن ترەمپەوە هەوڵی دوورخستنەوەی و لەلایەن دیموکراتەکانیشەوە هەوڵی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەدرێت.

ئەمڕۆ کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، دەستبەجێ لە دوای دۆڕانی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە پرسیاری لە ڕاوێژکارەکانی خۆی کردووە کە ئایا پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ لە کارەکەی دوور بخاتەوە یان نا.

بە پێی سەرچاوەکان، تا ئێستا ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر ئەم پرسە نەداوە، بەڵام ئەگەر پیت هێگسەس لەسەر کارەکەی لاببرێت، پێشبینی دەکرێت ڕۆن دێسانتیس، پارێزگاری فلۆریدا لە پارتیی کۆماری شوێنی بگرێتەوە.

پێشتر بەر لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس، دیموکراتەکان هەوڵی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ وەزیری جەنگدا دەدا؛ ئێستاش بە بەدەستهێنانەوەی زۆرینەی کورسییەکانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، دەسەڵاتیان زیاتر دەبێت تا ئەم ئامانجەیان بهێننە دی.

جگە لە وەزیری جەنگ، هەندێک سەرچاوە لە کۆشکی سپی پێیان وایە کە هەریەکە لە براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، هۆکاری سەرەکیی شکستی کۆمارییەکانن لە هەڵبژاردندا، چونکە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی جەنگی ئێراندا هەبووە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، تۆماس ماسی، ئەو یاسادانەرە کۆمارییەی پێشتر بە هاوبەشی لەگەڵ دیموکراتەکاندا هەوڵی بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی جێفری ئێپستینی دابوو، ئەم جارەش دووبارە بە هاوبەشی لەگەڵ دیموکراتەکاندا و بە تاوانی "هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس"، هەوڵ دەدات پیت هێگسەس لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.