دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی عێراق سزایەکی نوێی بەندکردنی بەسەر عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری پێشوودا سەپاند، بەمەش کۆی گشتیی سزاکانی زیندانیکردنی ناوبراو لە دۆسیە جیاوازەکانی گەندەڵیدا گەیشتە 12 ساڵ.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی لە عێراق بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیاری 2 ساڵ بەندکردنی نوێی بۆ عالیە نوسەیف و 5 ساڵ بەندکردنی بۆ ڕائید جبوری، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سەلاحەدین دەرکرد.

 

ئەم بڕیارە نوێیە لە کاتێکدایە، پێشتر و لە مانگی ئەیلوولدا، هەمان دادگا سزای 10 ساڵ بەندکردنی (7 ساڵ بۆ دەستکەوتی ناڕەوا و 3 ساڵیش بۆ شاردنەوەی زانیاریی سەروەتوسامان) بەسەر عالیە نوسەیفدا سەپاندبوو، بە زۆرکردنی ئەم سزایە نوێیەش کە 2 ساڵ بەندکردنە، کۆی گشتیی ماوەی زیندانیکردنی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو گەیشتە 12 ساڵ.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، بڕیارە نوێیەکە بە ئامادەبوونی هەردوو تۆمەتبار دراوە و تێیدا هاتووە لە ڕێگەی دەستتێوەردان لە پڕۆژە و گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور، پارەی گشتییان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت ئاراستە کردووە، لەسەر ئەم تاوانە، دادگا بەپێی ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیارەکەی دەرکردووە و هەردوو تۆمەتباریشی پابەند کردووە بە هاوبەشی بڕی 10 ملیار دینار بۆ حکومەت بگەڕێننەوە.

 

عالیە نوسەیف کە یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق و ئەندامی پێشووی پەرلەمان بوو، لە 28ی تەممووزی ئەمساڵدا لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'بەرەبەیان' لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیر کرا، ناوبراو جگە لە سزای 12 ساڵ زیندانی، بەپێی بڕیارەکانی دادگا دەست بەسەر موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانیدا گیراوە و پابەند کراوە بە گێڕانەوەی دەیان ملیار دینار لە دەستکەوتە ناڕەواکانی و دانانی پێبژاردنی دارایی.