فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە یەکەم پەیامیدا دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی بە دەستکەوتێکی نیشتمانی و هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم ناو دەبات.
ئەمڕۆ د. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی کوردستان کرد.
لە پەیامەکەدا، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کارابوونەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و وەک زەمینەسازییەکی بەهێز تەماشا دەکرێت بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار، کە بتوانێت لە ئاست داواکاری و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان قووڵتر بکاتەوە.
د. دانەر عەبدولغەفار دانیشتنی کارابوونەوەی پەرلەمانی بە دەستکەوتێکی نیشتمانی ناو برد و دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکات، کە بە بەشداریی چالاكانەیان وەڵامی ئیرادەی ڕەوای خەڵکی کوردستانیان دایەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ دروستکردنی ئاستێکی باڵاتری هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا، لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستاندا.