گوتەبێژی پارتی کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بە هەنگاوێکی پێویست لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و کۆتاییهێنان بە بۆشایی یاسایی وەسف دەکات.

 

ئەمڕۆ مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، پیرۆزبایی لە جەماوەری کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان کرد.

 

مەحموود محەممەد باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوەی بە درەنگوەختە بەڵام پێویست ناودێر کرد لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەم دامەزراوە شەرعییە بۆ ماوەی دوو ساڵ پەک خرابوو.

 

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بە بەشداریی سەرکەوتووانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئامادەبوونیان دەربڕی هەستکردن بووە بە ئەرکی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتییان.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، مەحموود محەمەد ئاماژەی بە هەڕەشەکردن لە هەندێک پەرلەمانتار و کەسوکاریان کرد و وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک پێناسی کرد.

 

لە کۆتاییدا، گوتەبێژی پارتی دوپاتی کردەوە، پەرلەمان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستان و فاکتەری یەکڕیزیی ناوخۆییە و کارابوونەوەشی دژایەتیکردنی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو دەرگا کراوەیە بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکانی دیکەش بەشدار بن لە پاراستنی شەرعیەت و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش لەم قۆناغە هەستیارەدا.