لە دوای بایکۆتکردنی دوو پەرلەمانتارە بەتەمەنەکەی پێشوو، (سەمیرە حەسەن)، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرپەرشتیی دانیشتنی ئەمڕۆی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم بەڕێوە بچێت. ئەمەش لە دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە، 3ی 11ی 2026، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان، داوایەکی فەرمیان بۆ بەستنی دانیشتنەکە پێشکەش کرد.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دانیشتنی یەکەم لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەی نێو هۆڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

لە دانیشتنی یەکەمی پێشوودا کە لە 2ی 12ی 2024 بەڕێوەچوو، محەممەد سلێمان (لەدایکبووی 1948 و پەرلەمانتاری نەوەی نوێ) وەک یەکەم سەرۆکی تەمەن سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد، بەڵام ناوبراو بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک دانیشتنەکە بەڕێوە نابات.

 لە لایەکی ترەوە، ئازاد محەممەد ئەمین (لەدایکبووی 1960 و پەرلەمانتاری یەکێتی) کە دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، بەهۆی بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن فراکسیۆنەکەیەوە، ئامادەی هۆڵ نابێت و ناتوانێت سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکات.

بەم هۆیەوە، (سەمیرە حەسەن)، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبووی ساڵی 1962 کە وەک سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار هەژمار دەکرێت، هاوکات کەمێک لەمەوبەر گەیشتە بینای پەرلەمان و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە وەک سەرۆکی تەمەن بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکات و سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دەکات.