دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کارا بووەوە و لە دانیشتنێکی فەرمیدا دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی بۆ خولی شەشەم هەڵبژێردرا.
دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەمیرە حەسەن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەک سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بەرەی گەل، بە هاوکاریی فراکسیۆنەکانی کریستیان و تورکمانەکان بەشدارییان کرد.
لە بەرامبەردا، فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ڕەوتی هەڵوێست و بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
سەرەڕای بایکۆتی حزبەکانیان، ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی لە چوارچێوەی قەوارەکانیان جیا بوونەتەوە، ئامادەی دانیشتنەکە بوون و ڕۆڵیان لە تەواوکردنی نیسابی یاساییدا بینی، لەوانە: نیشتمان ناوپردانی، هەردی سەلاح و محەممەد فەیسەڵ (لە یەکێتی)؛ شڤان سەعید، خالید محەممەد و داریوش عەلی (لە نەوەی نوێ)؛ لەگەڵ سازگار فەریق و سارا موحسین (لە ڕەوتی هەڵوێست).
دەستەی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە هەڵبژێردران:
•ڤاڵا فەرید: سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (52 دەنگ)
•ڕامی نووری: جێگری سەرۆکی پەرلەمان (52 دەنگ)
•مونا قاوەچی: سکرتێری پەرلەمانی کوردستان (52 دەنگ)
ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەهۆی ناکۆکیی قووڵی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەککرابوو.