دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوی کوژرانی سێ کەس لە بەنزینخانەیەکی هەولێر، دادگا سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر تۆمەتباری سەرەکیی کەیسەکە سەپاند.

ئەمڕۆ زانا سەعید ڕۆستایی، پارێزەری کەسوکاری قوربانییەکان ڕایگەیاند، دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە داوە و سێ بڕیاری یەکلاکەرەوەی بەسەر بکوژەکەدا سەپاندووە، کە پێکهاتوون لە دوو سزای لەسێدارەدان و سزایەکی زیندانیی هەتاهەتایی.

لە شەوی 6ـی 8ـی 2025، ڕووداوێکی تەقەکردن لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کۆیە و لە ناو بەنزینخانەی 'شێر' ڕوویدا، کە تێیدا دوای دەمەقاڵێ لە نێوان کارمەندێکی بەنزینخانەکە و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکدا، تەقە کرا.

لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و سەرنشینێکی عەرەب، لەگەڵ هاووڵاتییەکی بێتاوان کە لە شوێنی ڕووداوەکەدا ئامادە بوو کوژران.

ئەمە لەکاتێکدایە، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردبوو و لە هەمان مانگدا بنەماڵەی لایەنەکان ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییان ڕاگەیاندبوو، بەڵام ڕێکارە یاساییەکانی دادگا بەردەوام بوون تاوەکو دەرکردنی ئەم سزایانە.