دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هێڵی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی 14 پارێزگای عێراقدا جگە لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت.
ئەمڕۆ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم ڕێکارانە بوونە هۆی ڕاگرتنی هێڵ و پەیوەندییەکانی کۆڕەک لە 14 پارێزگای عێراقدا، جگە لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئێستا هەماهەنگی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی کوژاندنەوەی هێڵەکە لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە تەواوی ڕێکارە ماوەکان.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق روونیشی کردەوە, دەستپێکردنی کوژاندنەوەی بنکەکان دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە زیادەیەیە کە لەسەر داوای لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کرابوو، تاوەکو یەکەم ڕۆژی ئەم مانگە درێژ کرایەوە، بە مەبەستی بەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی بەشداربووان و پێدانی کاتی پێویست پێیان بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە ژمارەیییەکانیان.
لە کۆتاییدا دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن داوا لە بەشداربووان دەکات، ئەم کوژاندنەوەیە بەمانای ئەوە نایەت کە سیمکارتەکانیان فڕێ بدەن یان دەستبەرداری ژمارەکانیان ببن، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنەوە و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت.