سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە تەنیا بەشی 18%ی پێداویستی ڕاستەقینەی هاووڵاتییان بۆ وەرزی زستان دەکات.
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان، ڕەزامەندی لە بەغداوە وەرگیراوە و نەوتەکە بە نرخی فەرمی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپییە تا بتوانرێت بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر دابین بکرێت؛ بۆیە ئەم بڕەی بەغدا تەنیا بەشێکی کەمی پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە.
هەر لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزای شارەکانەوە بە ڕێکارێکی گونجاو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا لە پێوەندیی بەردەوامدا دەبێت بۆ گواستنەوەی نەوتەکە و زیادکردنی بڕەکەی، تا لەگەڵ پێداویستییە تەواوەکانی هەرێمی کوردستاندا بگونجێت.