حکومەتی ئەمریکا بڕیاری ناردنی سێ ملیار دۆلاری لە ماوەی دوو مانگدا بۆ عێراق داوە و چاوەڕوان دەکرێت، بەهای دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

 

ئەمڕۆ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریبدا دادەبەزێت و زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی،  ناوبراو بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم وتەیەی خستە ئەستۆی خۆی، چونکە پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی تایبەتە و لەسەر بنەمای متمانە بنیاد ناوە.

 

محەممەد تەمیم ئاماژەی بەوە داوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بڕی دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق کەم بووبووەوە بۆ کەمتر لە سێ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، بەڵام لەم دوو مانگەدا حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە سێ ملیار دۆلار تەنیا لەم ماوەیەدا بنێرێت، قۆناغی یەکەمی ئەو پارەیە لە پێنجشەممەی ڕابردوودا گەیشتووە، لە ڕۆژی دووی مانگی یانزەشدا قۆناغێکی تری گەیشتنی پارە بەڕێوەچووە کە هەر قۆناغێکیان زیاتر لە پێنج سەد ملیۆن دۆلارە.

 

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێرق جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئەم ڕێکارانەی حکومەت و بانکی ناوەندی و خستنەڕووکاری دۆلار لە بازاڕدا، نرخی ئاڵوگۆڕ دادەبەزێت و زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی، ئەگەر لە هەندێک حاڵەتدا یەکسانیش نەبێت، هاوشێوەی ئەو دۆخەی کە لە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێدا هەیە.