عەلی حەمە ساڵح، لە دۆسییەکی دیکەی گەندەڵیدا هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە تاڵان بردنی زەوییەکانی شاری سلێمانی تۆمەتبار دەکات.

 

ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆسیەی زەوییەکانی سلێمانی ڕەخنەی تووند ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەکات و ئاشکرای دەکات، کە چەندین شوێنی گشتی و خزمەتگوزاری دراون بە کەسانی دەسترۆیشتوو.

 

لە بەشێکی قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە قوتابخانەیەک، داینگەیەک، باخچەی ساوایەن، دارستانێک و دوو یاریگە لە گەڕەکی کانی بای سلێمانی بە کەسێک دراون بۆ ئەوەی بکرێن بە دووکان و بیانفرۆشێتەوە، کە بەهاکەی بە شێوازێکی نایاسایی دەگاتە 280 ملیار دینار.

 

عەلی حەمە ساڵح، ڕەخنەی لەوە گرتووە کە لە کاتێکدا کەسانێک پارەی نەوتیان پێ نییە، کەچی کەسانێکی دیکە بە واژۆی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی زەوی وەردەگرن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح پرسیار لە لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەکات و داوای وەڵامی لێ دەکات، کە بە کام یاسا و دەسەڵات و کێ ڕێگەی پێداون چەند پارکێک بکەن بە شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوون، چۆن شوێنی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، دارستان و یاریگا بە هاوبەشی دەدرێن.

 

لە کۆتاییدا عەلی حەمە ساڵ دەپرسێت ئایا مەعقولە شوێنێکی 2700 دۆنمی بە گەنجێکی کەلاریی لەدایکبووی ساڵی 1992 درابێت و دووکانێک لە کۆرنیشی سلێمانی بە 37 دەفتەر بفرۆشێت، لە کاتێکدا لەناو شاردا بە بیانووی نەبوونی زەوی، زەوی بە مامۆستایان و فەرمانبەران نادرێت و لە شوێنی دوورە دەست پێیان دەدرێت.