هێڵێکی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان بڕوانامەی کارپێکردنی فەرمیی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە عێراق پێ بەخشرا و وەک گوێزەرەوەی نیشتمانی ناسێنرا.
ئەمڕۆ کۆمپانیای فلای ئەربیل ڕایگەیاند، لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماتکارانی بیانی، بڕوانامەی کارپێکردنی هێڵی ئاسمانی (AOC)ی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە پێ بەخشرا.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە گوتارێکدا، ئەم ڕۆژەی بە مێژوویی ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد ئامانجیان فراوانکردنی گەشتەکانە لە هەولێرەوە بۆ شارەکانی عێراق، ناوچەکە و وڵاتانی ئەورووپا بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی سەلامەت و ڕێکخراو.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی حکومەتە بۆ کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، هاوکات گرنگیی بەخێرهاتنی گەشتیارانی بە زمانی کوردی لەناو فڕۆکەکاندا بەرز نرخاند.
لە لایەکی ترەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، لەگەڵ ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەدەست هێنانی ناونیشانی 'گوێزەرەوەی نیشتمانی'یان بە بەرهەمی پەرەپێدانی ستافێکی خۆماڵی و فڕۆکەی پێشکەوتوو لەقەڵەم دا.
بەدەست هێنانی ئەم بڕوانامە فەرمییە، ڕێگە بە هێڵەکە دەدات گەشتەکانی بۆ چەندین ناوەندی نوێ زیاد بکات، ئێستا گەشتەکانی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا، دانیمارک، تورکیا، ئیمارات و لوبنان لەخۆدەگرێت، ئەم پێشهاتە دەبێتە هۆی بەستنەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی گەشتی ڕاستەوخۆ بەرەو شارە جیاوازەکانی جیهان بەبێ بەربەستی کارگێڕی.
کۆمپانیای فلای ئەربیل، لە ساڵی 2015 دامەزراوە و لە ساڵی 2018 یەکەمین گەشتی ئاسمانیی خۆی لە هەولێرەوە بۆ ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد ئەنجامدا، بڕوانامەی AOC ڕێگەپێدانێکی فەرمییە بۆ کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی، بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەی بازرگانیی ئاسمانی، ئەم بڕوانامەیە پشتڕاستی دەکاتەوە کۆمپانیاکە پێوەرەکانی سەلامەتی و کارپێکردنی فڕۆکەوانیی تێدا جێبەجێ کردووە.