دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان پەردەیان لەسەر چالاکییە چڕەکانی سوپایەکی ئەلیکترۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لادا.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، گرووپێکی هاککەری سەر بە کۆریای باکوور بە ناوی 'تریدەر ترەیتۆر' کە بەشێکە لە تۆڕی بەناوبانگی 'لازارۆس'، وەک کاریگەرترین چەکی پیۆنگ یانگی پایتەختی کۆریای باکوور لە شەڕی ئەلیکترۆنیدا دەستنیشان کراوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا ناسراو بە ئێف بی ئای، ئەو گرووپەی بە ئەنجامدانی گەورەترین دزینی دراوی ئەلیکترۆنی تۆمەتبار کردووە، کە تێیدا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار دراوی دیجیتاڵیی لە سەکۆی دارایی باینەنس دزراوە، و داوای ڕێوشوێنی توندی بەرامبەر ئەم هەڕەشانە کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور، سوپای ئەلیکترۆنیی کۆریای باکوور لە نزیکەی 8 هەزار و 400 کارمەند پێکدێت، لە کاتێکدا بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی یەکەی جەنگی ئەلیکترۆنیی 'نووسینگەی 121' لە وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین، بێلاڕووس و مالیزیا چالاکی دەکەن.
هاوکات ئەندامانی ئەم یەکەیە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی هەلی کاری ساختە لە تۆڕە پیشەیییەکانی وەک لینکتئین دەچنە نێو کۆمپیوتەری فەرمانبەرانی سەکۆ دارایییەکان و دواتر بە بەرنامەی زیانبەخش دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبەن.
ئەم تۆڕە سایبەرییە لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەک 'واناکرای' و هاککردنی بانکە نێودەوڵەتییەکان دەستکەوتووە، لەوانە دزینی 620 ملیۆن دۆلار لە تۆڕی ڕۆنین لە ساڵی 2022 و زیاتر لە 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە سەکۆی بایبیت.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی کۆریای باکوور لە ڕێگەی تێکەڵکردنی دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، سەرچاوەی دارایی بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی و پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ دابین دەکات تا لە کاریگەریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەربازی بێت.
کۆریای باکوور لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە، وەبەرهێنانی لە پێگەیاندنی شارەزایانی بواری کۆمپیوتەردا کردووە، بە جۆرێک گرووپی لازارۆس لە ساڵی 2014ەوە دوای هاککردنی کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز بووەتە مەترسییەکی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی دیجیتاڵیی جیهان.