دوای ڕاگرتنی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم لە بەغدا، کۆمپانیاکە داوای قەرەبووی سەرجەم زیانە ماددی و مەنەوییەکان بەهۆی ڕێکارە نایاساییەکانی داخستنی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە بەغدا دەکات.

 

ئەمڕۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لەو کاتەوەی کۆمپانیاکە سوور بووە لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی و بەشداربووەکانی، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارە نادادپەروەرانەکەی سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڕێککەوتن (عقد التسوية) کە بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران دیاری کرابوو.


کۆڕەک تیلیکۆم جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکی دەستەکە نەک هەر سوور بووە لەسەر هەڵوێستی خۆی، بەڵکو هەستاوە بە گرتنەبەری ڕێکارگەلێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە گرێبەستی مۆڵەتنامەکەوە نییە، لەوانەش داخستنی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکەیان لە بەغدا کە بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق بە فەرمی تۆمار کراوە.

 

کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە، دوای پەنابردنە بەر دادگای عێراقی دادپەروەر، توانراوە بڕیارێکی دادوەری بە مەرجی جێبەجێکردنی خێرا بەدەست بهێنرێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی دەستەی جێبەجێکار و بەکارخستنەوەی گرێبەستی ڕێککەوتن دراوە، چاوەڕوان دەکرا دەستەکە پابەند بێت بە بڕیاری دادگاوە و بیانوی نوێ بۆ بەردەوامبوون لە ڕێکارە نادادپەروەرانەکان نەهێنێتەوە.

 

لە بەرامبەردا، کۆڕەک تیلیکۆم سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لەسەر پێشێلکردنی یاسا و پابەند نەبوونی سەرۆکی دەستەکە بە بڕیارەکەی دادگاوە، جەختی کردووەتەوە کە مافی خۆی لە داواکردنی قەرەبوو بۆ سەرجەم زیانە ماددی و مەنەوییەکان پارێزراو دەزانێت بەهۆی ئەو ڕێکارە تاکلایەنانەی کە خۆی لە جێبەجێکردنی بڕیاری خێرای دادگا دزیوەتەوە.

 

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەوەی خستووەتەڕوو، سەرجەم ڕێکارەکان هەڵوێستێکی پێشوەختەن، بە جۆرێک کە سەرۆکی دەستەکە لە ڕێکەوتی 11ی تشرینی دووەمی 2026 نووسراوێکی بۆ پاساوپێدانی ڕێکارەکان ناردووە، لە کاتێکدا نووسراوەکە بە واژۆی خۆی لە ڕێکەوتی 29ی تشرینی یەکەمی 2026 مۆر کراوە.

 

کۆمپانیاکە لە کۆتاییدا پرسیار دەکات، کە ئایا لە عێراقدا بڕیاری هیچ بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی بڕیارەکانی دادگاوە دێت؟