سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا فەرمانی کرد بە دابینکردن و دابەشکردنی پشکی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندن و پێوەندییە حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی داوە تا بە ئامانجی پشتیوانیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پشکی نەوتی سپی دەستبەجێ ڕەوانە بکرێت.
هاوکات باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ڕاسپاردووە کە بەپەلە سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ ئامادەکردن و گەیاندنی ئەو پشکە.
ئەم بڕیارە بۆ سووککردنی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە وەرزی سەرمادا، تا بتوانن بە نرخی فەرمی دەوڵەت پێداویستی سووتەمەنیی ماڵەکانیان دابین بکەن.