زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی لە وڵاتێکی شاخاویی باشووری ئاسیا بەشدارییان لە دروستکردنی زیاتر لە 100 پەرستگای ئایینی لە ماوەی یەک ڕۆژدا کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، لە وڵاتی بوتان زیاتر لە 40 هەزار خۆبەخش لە ماوەی تەنیا یەک ڕۆژدا هەستان بە دروستکردنی 108 پەرستگای بودی بە تێچووی 21 ملیۆن دۆلار، کە هەر یەک لەم پەرستگایانە بە بەرزیی 15 مەتر بەدرێژایی 12 کیلۆمەتر لەسەر کەناری ڕووبارێک لە نزیک سنووری هیندستان بونیات نران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، بە مەبەستی دەستپێکردنی قۆناغی دروستکردنی شاری هۆشیاریی گێلێفو، بەرپرسانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کارکردن دوای نیوەشەو دەستی پێکرد و پرۆسەکە وەک جۆرێک لە نوێژی کردەیی ئەنجام درا.
پڕۆژەی شاری هۆشیاریی گێلێفو بە فەرمانی پادشا جیگمێ خێسار نامگیال وانگچوک لە ساڵی 2024 ڕاگەیەندرا، بە ئامانجی دروستکردنی ناوەندێکی ئابووریی زیندوو لە بوارەکانی تەکنەلۆجیای سەوز، پەروەردە، گەشتیاری و خزمەتگوزارییە داراییەکان.
دەسەڵاتدارانی وڵاتی بوتانیش هیواخوازن ئەم پڕۆژەیە ببێتە هۆی بووژانەوەی دۆخی دارایی و هاندانی گەنجان بۆ مانەوە لە وڵات، بەتایبەت لە کاتێکدا وڵاتەکە بەدەست کەمیی ڕێژەی لەدایکبوون و کۆچی بەردەوامی لاوان بەرەو دەرەوە دەناڵێنێت.
ئەم شارە نوێیە، بە هێڵی شەمەندەفەری هیندستان لە ویلایەتی ئاسام دەبەسترێتەوە و بڕیارە لە ساڵی 2029 فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیشی تێدا بکرێتەوە، هەروەها ملیاردێری هیندی گۆتام ئادانی لە سەرەتای ئەمساڵدا وەک ئەندامی دامەزرێنەر بەشداریی تێدا کردووە.
لە پاڵ ئەمانەشدا، پڕۆژەکە پەیوەستە بە پلانەکانی بوتان لە بواری دراوی دیجیتاڵیدا، بە جۆرێک حکومەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی وزەی زیادەی کارەبای ئاوییەوە خەریکی بەرهەمهێنانی بیتکۆینە و داهاتەکەی بۆ گەشەپێدانی شارەکە تەرخان دەکات.
وڵاتی بوتان، بە ژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە 800 هەزار کەس کەوتووەتە نێوان وڵاتی چین و هیندستان، لە جیاتی پێوەرە ئابوورییە باوەکان، بە پەیڕەوکردنی سیستمی بەختەوەریی گشتیی نەتەوەیی لە جیهاندا ناسراوە.