هەوڵەکانی حکومەت لە عێراق بۆ ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی سامانی غاز ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی ژێرخان بوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ ئارام شێرکۆ ڕایگەیاند، لە کۆی 8 وێستگەی پەستانی غاز لە کەرکووک، تەنیا 3 وێستگە لە کارکردندان و 5 وێستگەی دیکە بە تەواوی لەکار کەوتوون، بەشێک لەم ناوەندانە لەنێوان ساڵانی 1980 تا 1982 دروست کراون و بەهۆی نەبوونی نۆژەنکردنەوەی پێویست، وێستگەکانی کێڵگەی بای حەسەن لە پێش ساڵی 2003 و وێستگەی هەنجیر لە ساڵی 2023ەوە لە خزمەتگوزاری دابڕاون، هاوکات کۆمپانیای غازی باکوور پرۆسەیەکی چاکسازیی 45 ڕۆژەی بۆ بەرزکردنەوەی کارایی هێڵی بەرهەمهێنانی ژمارە 1000 دەستی پێکردووە.
 
لە چوارچێوەی هەوڵە نیشتمانییەکاندا، عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز ڕایگەیاندووە وەزارەتەکەیان لە پلانیدایە ڕۆژانە 80 ملیۆن پێ سێجا لە غازی هاوپێچی کێڵگەکانی بای حەسەن، جەمبووری باکوور و خەباز بگرێتەوە.
 
بەپێی ئامانجە دیاریکراوەکان، کۆمپانیای نەوتی باکوور تا کۆتایی ساڵی 2027 سووتاندنی غاز لە کێڵگەکانی ڕادەگرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی سەرتاسەریی عێراق کە حکومەتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2029 دایناوە.
 
بەپێی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان، عێراق ساڵانە نزیکەی 17 بۆ 18 ملیار مەتر سێجا غازی هاوپێچ دەسووتێنێت، بەهای ئەو سامانە بەفیڕۆچووەش لە ساڵێکدا بە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، پرۆسێسکردنی ئەم بڕە غازەش، نەک تەنیا غازی وشک بۆ وێستگەکانی کارەبا و غازی شل بۆ ماڵان دابین دەکات، بەڵکو بارگرانیی هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە کەم دەکاتەوە کە ئێستا ڕۆژانە لە دەوروبەری 310 ملیار پێ سێجایە.
 
عێراق بە خاوەندارێتیی زیاتر لە 131 تریلیۆن پێ سێجا لە پاشەکەوتی غازی سروشتی، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام بەهۆی پێنەگەیشتنی ژێرخانەوە دووەم گەورەترین وڵاتی جیهانە لە سووتاندن و بەفیڕۆدانی غازی هاوپێچدا.