بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریی پزیشکییان پێشکەش بە نزیکەی 30 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە کردووە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، نەخۆشخانەی ئومێد بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە شاری دهۆک لە ماوەی 1 ساڵی تەمەنیدا خزمەتی بە 29 هەزار و 463 چارەخواز گەیاندووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەو ماوەیەدا 1 هەزار و 152 تووشبووی نوێ تۆمار کراون، 761 کەسیان خەڵکی ناوخۆی دهۆک بوون، 151 نەخۆشی دیکەش لە مووسڵەوە هاتوون و 59 کەسیشیان ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانن.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانەکە هاوکاریی 331 نەخۆشی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری کردووە و 583 نەخۆشی بەبێ بەرامبەر بە بەهای زیاتر لە 408 ملیۆن دینار بۆ پشکنینی تیشکی پێشکەوتوو ناردووەتە کەرتی تایبەت.

 

هاوکات 22 نەخۆش بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ بە گوژمەی 1 ملیار و 100 ملیۆن دینار و 21 چارەخوازی دیکەش بە گوژمەی 126 ملیۆن دینار بۆ نەشتەرگەری ڕەوانەی دەرەوە و پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان کراون.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تێچووی دابینکردنی دەرمان لە ماوەی ئەمساڵەدا گەیشتووەتە 22 ملیار دینار، لەم بڕە پارەیە 18 ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و 4 ملیار دیناریشی لە ڕێگەی کۆمپانیای کیمادیاوە دابین کراوە.

 

بەمەش کۆی گشتیی خەرجییەکانی نەخۆشخانەی ئومێد بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە بوارەکانی نەشتەرگەری، تیشک، دەرمان و پشکنینە جۆراوجۆرەکاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 24 ملیار و 583 ملیۆن دینار.

 

نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، یەکەمین ناوەندی پێشکەوتووی حکومییە لەو پارێزگایەدا بۆ چارەسەری شێرپەنجە تایبەت کرابێت، پێشتر هاووڵاتییانی ناوچەکە ناچار بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی هەولێر و سلێمانی بکەن.