ئەفسەرێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی وەرگرتنی شایستە داراییه‌كاندا بڕی 10 ملیۆن دیناری زیادەی پێ درا، بەڵام دەستبەجێ تەواوی پارەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی بانکەکە گەڕاندەوە.

 

ئەمڕۆ بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ڕائید ڕێبەر مەحموود حوسێن، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لە یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نموونەیەکی بەرزی دەستپاکی و پاکدەستی تۆمار کردووە.

 

ئەم ئەفسەرە لە کاتی وەرگرتنی شایستە داراییه‌كاندا سەرنجی دا کە 10 ملیۆن دینار بە هەڵە و زیاتر لە مافی خۆی پێ دراوە؛ ناوبراو بەبێ دوودڵی بەڕێوەبەرایەتی بانکی لەو هەڵەیە ئاگادار کردەوە و سەرجەم پارە زیادەکەی ڕادەستی کردنەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە ستایشی ئەم هەڵوێستە نیشتمانییەی کرد و دووپاتی کردەوە کە هێزی پێشمەرگە هەمیشە پێشەنگ و سەرمەشقی پاراستنی سامانی گشتی و مافی هاووڵاتییان بووە.

 

هێزی پێشمەرگەی کوردستان جگە لە تۆمارکردنی داستانی قوربانیدان لە بەرەکانی جەنگدا، بەردەوام بە ڕەوشتبەرزی و دەستپاکی لەناو کۆمەڵگە و دامەزراوەکاندا ناسراوە.