شوێنەوارناسان و تیمە ئەکادیمییەکان لە هەرێمی کوردستان دۆزینەوەیەکی مێژوویی دەگمەن پەیوەست بە تەلارسازیی مرۆڤی کۆن ئاشکرا دەکەن.
ناوەندی توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران ڕایگەیاند، لە گردی بانەهێڵک لە دەڤەری سۆران پێکهاتەیەکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی ئەندازیاری لە سیستەمی داپۆشینی بنمیچ دۆزراوەتەوە، ئەم دەستکەوتە لە ئەنجامی کاری هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، زانکۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و زانکۆی سەلاحەدین بەدەست هاتووە.
توێژەران ڕوونیان کردەوە، ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی شوێنەوارناسیی جیهانیدا بەڵگەی لەو شێوەیە بۆ سیستەمی سەقف لە سەردەمی حەلەف بدۆزرێتەوە، پشکنینەکانیش دەریانخستووە دانیشتووانی کۆنی گردی بانەهێڵک لە زیاتر لە 7 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لێهاتووییەکی بەرچاوی ئەندازیاری و بیناسازییان پێشکەش کردووە، شێوازی ژیانی ڕۆژانە و تەلارسازیی سەردەمەکەیان لە چیاکانی زاگرۆس ڕوون دەکاتەوە.
سەردەمی حەلەف، یەکێکە لە قۆناغە دێرینەکانی چاخی بەردینی نوێ لە ناوچەی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس، شوێنەواری گردی بانەهێڵکیش لە دەڤەری سۆران وەک یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی ئەو قۆناغە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.