وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی نوێی بۆ دابینکردنی تاقیگەی داهێنان لە زیاتر لە 100 قوتابخانە خستە ڕوو.
ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 110 قوتابخانەی حکومەتی بە تەواوی پێداویستییەکانەوە تاقیگەی داهێنانیان بۆ دابین کراوە بۆ ئەوەی قوتابیانی پۆلی 5 و 6ی سەرەتایی وانەی تێدا بخوێنن و پەرەپێدانی ژێرخانی زانستیی قوتابخانەکان لە کارە لەپێشینەکانیانە تا ئاستی فێربوونی منداڵان بەرز بکرێتەوە.
سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی زستانە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ ڕووی نەداوە، چونکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چاوەڕوانی وەزارەتی نەوتی عێراقە و هەر کاتێک بڕە سووتەمەنیی پێویست گەیشتە هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش دەکرێت.
هەروەها ئالان حەمەسەعید لەسەر پرسی دامەزراندن لە جێگەی مامۆستایانی خانەنشینکراو ڕوونی کردەوە، بەپێی ڕێنمایییەکانی یاسای بودجەی 3 ساڵی ڕابردووی حکومەتی عێراق، لەم قۆناغەدا ناتوانرێت کەس لە شوێنیان دابنرێتەوە.
وەزیری پەروەردە دەربارەی سەرپەرشتیارانی یەدەگ باسی لەوە کرد، ماوەی خزمەتیان بۆ 1 ساڵ نوێ کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و کورتهێنانی میلاک لە توانادا نییە ژمارەیەک مامۆستای نوێ بکرێنە سەرپەرشتیار تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ناوبراو لەبارەی گواستنەوەی مامۆستایانیش جەختی کردەوە، پرۆسەکە دەبێت تەنیا پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەنجام بدرێت تا ئاستەنگ بۆ پۆلەکان دروست نەبێت، هاوکات لەسەر قوتابخانە تەواونەکراوەکانیش دووپاتی کردەوە تا پڕۆژەکان بە فەرمی ڕادەستی وەزارەتەکەیان نەکرێن، بەرپرسیارێتیی یاسایییان لە ئەستۆ ناگرن.