بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، مانگانە زیاتر لە 26 ملیار دینار لە تەرخانکراوی دراویی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ قەرزی 10 ساڵەی خانەنشینی دەبڕدرێت، بەڵام بەغدا پارەکەی نەخستووەتە ناو سندووقی خانەنشینی فیدراڵەوە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کێشەی نەناردنی پارەکە بۆ سندووقی خانەنشینی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراقە و هیچ پێوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.

 

بەپێی یاسای ژمارە 9ی عێراق، لێبڕینی خانەنشینی 25%یە کە 15%ی حکومەت و 10%یشی فەرمانبەر دەیدات، بەڵام پێشتر لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا 7% دەبڕدرا؛ بۆ سوودمەندبوون لە یاساکە، دەبێت فەرمانبەران ئەو جیاوازییەی 3% کە بۆ ماوەی 10 ساڵ وەک قەرز هەژمار کراوە، بدەنەوە بە بەغدا.

 

هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی دکتۆر ڕێبواری دایەوە و ڕایگەیاند، نەدەبوو بەرپرسیارێتی کەمتەرخەمی وەزارەتی داراییی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان؛ وەزارەت جەختی کردەوە ناوبراو دەتوانێت لە دادگەدا سکاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق تۆمار بکات.

 

لە ڕێکەوتی 3ی حوزەیرانی 2025دا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم وردەکارییەکان و کۆنووسی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا لەسەر ڕێکاری لێبڕینی ئەم 3%یە بۆ ڕای گشتی بڵاو کردبووەوە.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراو:

 

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ)


سەرنجێکی گرنگ بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕ بە هەڵمەتە چەواشەکارەکان دەکەن:


بەپێی یاسای ژمارە 9ی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە 25%، کە لەو ڕێژەیە حکوومەت 15%ی دەدات و 10%یش لەسەر خودی فەرمانبەرەکەیە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا و پێش جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسا کۆنەکە تەنیا 7%ی وەک لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران بڕیبوو. کاتێک بڕیاری جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا درا و وەزارەتی داراییی حکوومەتی فیدراڵیش ڕەزامەندیی نیشان دا، پێویست بوو ئەو جیاوازییەی پێشتر نەبڕدرابوو جێبەجێ بکرێت:


1- بەو پێیەی هەموو خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە سوودمەند دەبن، پێویستە سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان ئەو جیاوازییەی بۆ ماوەی 10 ساڵ وەک قەرز هەژمار کرابوو، بدەنەوە بە حکوومەتی فیدراڵ کە بریتییە لە 3%..


2- لەسەر ئەم بابەتە، تیمێکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون بۆ دیاریکردنی ڕێکاری جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینەی 3%یە، کە کۆنووسەکەیان لەخوارەوە هاوپێچ کراوە.


3- لەم بابەتەدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوور و نزیک پێوەندییان بەوەوە نییە کە ئەو پارەیەی لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە لە تەرخانکراوی شایستەی داراییی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو 3%یە بڕدراوە و بۆ هەر مانگێک زیاتر لە 26 ملیار دینارە، بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویست بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرایە بۆ سندووقی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق.


4- نەدەبوو دکتۆر ڕێبوار بەرپرسیارێتی ئەو کەمتەرخەمییەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیان چارەسەرە دەتوانن لە دادگەدا سکاڵا لەسەر وەزارەتی داراییی فیدراڵ تۆمار بکەن، نەک وەک ئەوەی کردوویانەتە پیشەی هەمیشەیییان تەنیا هەرێمی کوردستان تاوانبار بکەن.


5- بۆ ئاگاداریی جەنابی دکتۆر ڕێبوار، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێکەوتی 2025/6/3دا ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە دابوو، کە دەبوو جەنابیان بێئاگا نەبوونایە، بەتایبەت کە وا پیشان دەدەن دڵسۆز و خەمخۆری مووچەخۆران و خانەنشینانن!


هاوپێچ: ڕوونکردنەوەکە
https://www.facebook.com/share/1Bbk11v7eo/


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
31
ی تشرینی یەکەمی 2026