دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە سەرۆکی ئەو وڵاتە کرد بەڵگەنامەی تەواوی گفتوگۆکانی لەگەڵ سیستمەکانی ژیریی دەستکرددا بپارێزێت و هۆشدارییان لەسەر کاریگەریی ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر بڕیارە هەستیارە سەربازییەکان دا.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی هەواڵیی پۆلیتیکۆ بڵاویکردەوە، جەیمی ڕاسکین و ڕۆبەرت گارسیا، دوو نوێنەری دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوایان لێ کردووە سەرجەم تۆمار و گفتوگۆ فەرمییەکانی لەگەڵ ڕۆبۆتەکانی ژیریی دەستکرددا وەک بەڵگەنامەی فەرمیی سەرۆکایەتی بپارێزێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیتیکۆ، ئەم دوو ئەندامەی کۆنگرێس داوایان کردووە تاوەکو 11ـی تشرینی دووەم دانیشتنێکی داخراو لەسەر بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە، گرەنتییە ئەمنییەکان و ئەگەری دەستگەیشتنی کۆمپانیا دەرەکییەکان بە زانیارییە نهێنییەکان ئەنجام بدرێت.

 

ئەو دوو یاسادانەرە گومانیان لە کاریگەریی بەرنامەی 'گرۆک'ی سەر بە ئیلۆن ماسک لەسەر بڕیارە سەربازی و سیاسییەکان دروست کردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانیش، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا لە نووسینگەی هێلکەیی (Oval Office) بۆ چەندین کاتژمێر بەرنامەی گرۆکی بەکارهێناوە و دەربارەی کاردانەوەی خەڵکی ڤەنزوێلا لە ئەگەری دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، پرسیاری لێ کردووە.

 

هاوکات، لە نامەکەدا ئاماژە بە مەترسیی پشتپێبەستنی ڕاوێژی سیستمە ئەلیکترۆنییە تایبەتەکان کراوە، کە دەکرێت زانیاریی ناڕاست و هەڵەی ستراتیجی دروست بکن، وەک ئەو هەڵە هەواڵگرییانەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا دەنگدانەوەیان هەبووە.

 

داواکارییەکە تەنیا بەرنامەی گرۆک ناگرێتەوە، بەڵکو سیستمەکانی وەک چات جی‌پی‌تیی سەر بە ئۆپن ئەی‌ئا، کڵۆدی ئەنسرۆپیک و جێمینای گووگڵیش لەخۆ دەگرێت. لە بەرامبەردا بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، کارگێڕیی سەرۆکایەتی پابەندی تەواوی یاساکانە و سەرجەم تۆمارە پێویستەکان بەپێی پێوەرە فیدراڵییەکان پارێزراون.

 

یاسای بەڵگەنامە سەرۆکایەتییەکان لە ئەمریکا، سەرۆک و بەرپرسانی کۆشکی سپی پابەند دەکات بە پاراستنی هەموو پەیوەندی و گفتوگۆیەکی فەرمی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا ئەنجامی دەدەن، گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد لە ئێستادا ناکۆکییەکی نوێی لەسەر پێناسەکردنی ئەم جۆرە پەیوەندییە دیجیتاڵییانە دروست کردووە.