دوای بەشداریکردنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری هاووڵاتییانی عەرەب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل و سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی پارتە عەرەبییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی تووندی لە بەرپرسانی فەڵەستین لەسەر مافی دەنگدان گرت.

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆیان تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویان کردەوە، هاووڵاتییە عەرەبەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا 10 جارە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، کەچی بەرپرسانی فەڵەستین 20 ساڵە مافی بەشداریکردنی عەرەبەکانیان لە هەڵبژاردن ڕەت کردووەتەوە.

وەزارەتەکە دەپرسێت: "سەرەڕای ئەم ڕاستییە، هیچ دەنگدانەوەیەکی میدیایی و سەردێڕی هەواڵەکان لەسەر ئەم بابەتە نابینین، هەمووان بێدەنگن!"

دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە فەڵەستین ئەنجامدرا لە مانگی یەکی ساڵی 2005 بوو، تێیدا محەممەد عەباس سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تا ئێستا وەک سەرۆکی فەڵەستین ماوەتەوە، دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەش لە ساڵی 2006 بوو، تێیدا بزووتنەوەی حەماس سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، هاووڵاتییانی عەرەب بە لێشاو بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و دوای جیاکردنەوەی 89.8%ـی دەنگەکان، پارتە عەرەبییەکان توانییان 19 کورسی بەدەستبهێنن. ئێستا پێکهێنانی حکومەت لەسەر ڕێککەوتنی هەردوو پارتی ڕاستڕەوی لیکود و ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان ماوەتەوە، ئەمەش بۆیەکەمجارە لە مێژووی ئیسرائیل پارتە عەرەبییەکان ببنە کلیلی یەکلاییکردنەوەی دۆخی سیاسی وڵاتەکە.

دوێنێ پارتەکەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (لیکود) ڕایگەیاند،  پارتە عەرەبییەکان لە هەڵبژاردنەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرتیلیان داوە و بە هەڕەشە و تووندتیژی پێشێلکاریان کردووە، "ئەوان ( پارتە عەرەبییەکان) پشتیوانی لەنێوبردنی دەوڵەتی جوو دەکەن."