لە کاتێکدا هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنێكی فراوانی سەربازی دژی ئێران بەردەوامن، وەزیری جەنگی وڵاتەکە بەرپرسێکی باڵای دوورخستەوە.
ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەتلانتیک بڵاویکردەوە، لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی وڵاتەکە، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەرپرسێکی باڵای ستراتیژی وەزارەتەکەی لە کار دوورخستەوە.
ئەو بەرپرسەی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە ناوی 'برێت سێلڤیا'ـیە، فەریقی سوپای ئەمریکا بووە وەک بەڕێوەبەری ستراتیژی پلان و سیاسەتەکان، هاوکات ماوەی 32 ساڵ لە ڕیزەکانی سوپا خزمەتی هەبووە.
جێگەی باسە، جۆسێف مکگی، ئەو کەسەی لە پێشووتر لە شوێنی رێت سێلڤیا کاری دەکرد، ساڵی ڕابردوو ناچار کرا خانەنشین بێت.
ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری جەنگی ئەمریکا بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی لە کار دووردەخاتەوە، ساڵی ڕابردوو جەنەڕاڵ جێفری کروز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی بەرگری ئەمریکای لە کارەکەی دوورخستەوە، چونکە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەواڵگریی دەزگاکەی سەبارەت بە زیانەکانی ئەمریکا بۆ شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، ترەمپ توڕە کرد.