عەلی زهیدی لە سەردانێکی مێژووییدا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەستی بە کۆبوونەوە کرد؛ ئەمەش یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای بەغدایە بۆ ئەو وڵاتە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە ساڵی 2024دا.
ئەمڕۆ عهلی زهیدی، سهرۆكوهزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا، گەیشته فڕۆکەخانەی دیمەشق و لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پێشوازیی لێ کرا، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە ئهمنییهكان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان.
ئهحمهد شەرع به عهلی زهیدی ڕاگهیاندووه، سنووری نێوان هەردوو وڵات بەتەواوی پارێزراوە، هاوکات پێداگریی لەسەر گرنگیی بەستنەوەی بەندەری فاو لە عێراقدا بە بەندەری تەڕتووس لە دەریای ناویندا کردووەتەوە لەگەڵ نوێکردنەوەی بۆریی نەوتی بەسرە بۆ بەندەری بانیاس؛ لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 100 هەزار بارهەڵگری تێپەڕ (ترانزێت).
هەروەها سەرۆککۆماری سووریا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی زەیدی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێنانەژێرەوەی دەستە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دووپات کردەوە و گوتی: دەبێت بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق بەدرێژاییی دەیان ساڵ، لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی بەعسەوە تاوەکو قۆناغی دوای 2003، هەمیشە گۆڕەپانی کێبڕکێی سیاسی، قهیرانی ئهمنی و هاتووچوونی تاقمە چەکدارەکان بووە بە سنوورە هاوبەشەکانیاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە پێشتر ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئێستای سووریا کە پێشتر بە ئەبوو محهممهد جۆلانی دەناسرا، لە 14ی ئایاری 2005دا لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە لە شاری مووسڵ دەستبەسەر کرا و نزیکەی 5 ساڵ لە گرتووخانەکانی عێراقدا مایەوە.
هۆکاری سەرەکی دەستبەسەرکردنەکەشی بۆ پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا و بەشداریکردنی لە شەڕی دژی هێزە ئەمریکییەکاندا دەگەڕایەوە، کە لەو سەردەمەدا لەلایەن ئەبوو موسعەب زەرقاوییەوە سەرکردایەتی دەکرا.
ئهحمهد شهرع لە ساڵی 2011دا و چەند ڕۆژێک بەر لە سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا ئازاد کرا؛ دوای ئازادبوونی گەڕایەوە سووریا و بەرەی نوسرەی دامەزراند کە پاشان گۆڕدرا بۆ دەستەی تەحریری شام و لە قۆناغەکانی دواتریشدا لە فەرماندەیەکی چەکدارەوە گۆڕدرا بۆ سەرکردەیەکی ڕامیاری و سەرۆککۆماری سووریا.

