ئهو قورئانخوێنەی لە کەلارد بە تۆمەتی هەبوونی 400 وێنەی ژنان لەنێو مۆبایلەکەیدا دەستبەسەر کرابوو، بە فەرمانی دادوەر بە كهفالهت ئازاد کرا، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر پەڕاوەکەی بەردەوامە.
ئەمڕۆ سۆران محهممهد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی بەپێی بڕگەی 2ی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەندیکردن دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی کاتی بە بارمتە ئازاد کراوە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەشی بەردەوامە؛ هاوکات تا کۆتاییهاتنی تەواوی لێکۆڵینەوەکان بەپێی یاسا ناسنامەکەی ئاشکرا ناکرێت.
ئەم ئازادکردنە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو دوێنێ وەک کەسایەتییەکی ئایینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی دروست کردبوو، بەڵام یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەستبەجێ هەر جۆرە پێوەندییەکی ناوبراوی بە مامۆستایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقافەوە ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: تۆمەتبار تەنیا 3 ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەیەکی کورت بەخۆبەخشی قورئانی خوێندووە و دواتر دوور خراوەتەوە.