لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی ئایینی لە کەلار بە تۆمەتی بوونی وێنەی نەشیاو لە نێو مۆبایلەکەیدا، یەکێتیی زانایان ڕوونی کردەوە، کە تۆمەتبارەکە نە ئەندامی یەکێتیی زانایانە و نە فەرمانبەری ئەوقافە.

ئەمڕۆ د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکی فەرمییدا ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی کەسێک لە کەلار کە گوایە وێنەی نەشیاو لەناو مۆبایلەکەیدا بووە، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا وەک 'مەلا' ناسێنراوە و هێرشی ناڕەوا کراوەتە سەر مامۆستایانی ئایینی، لە کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشە و کاری مەلایەتییەوە نییە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نییە.

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاشکرای دەکات، ئەو کەسە سێ ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ماوەیەکی کەم و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کاری پێشنوێژی کردووە و قورئانی خوێندووە، بەڵام دواتر دوورخراوەتەوە.

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەختی لەوە کردەوە، تۆمەتبارەکە نە ئەندامی یەکێتیی زانایانە و نە فەرمانبەر یان خۆبەخشی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دووپاتی دەکاتەوە، نەدەبوو ناوی پیرۆزی مەلایەتی لەبەر هەڵەی کەسێکی نامەلا بزڕێنرێت و بە بێ بەڵگە لەسەر هەموو مامۆستایانی ئایینی حیساب بکرێت، چونکە هەر کەسێک دەنگخۆش بوو، پێشنوێژی کرد، یان خۆی بە بانگخواز ناساند، مانای ئەوە نییە مەلا بێت.

لە کۆتاییدا، د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، ڕێکاری تووندتر بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە مۆڵەت و ڕێپێدانی فەرمیی مەلایەتییان نییە و مزگەوتەکان بۆ مەرامی خۆیان بەکار دەهێنن.