دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو 6 کۆچبەری دەستگیرکراوی دەڤەری ڕاپەڕین لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە نیشتمان.
ئەمڕۆ ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا پرۆسەی گەڕاندنەوەی شەش کۆچبەری کوردی ڕێکخستووە کە پێشتر بە شێوەی نایاسایی لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلوس گیرابوون.
ئەبوبەکر عەلی ئاماژەی بەوە کرد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پاش تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، کۆچبەرەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەعیتیقەوە لە تەرابلوس ڕەوانە کرانەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەران، سەپاندنی سەروەریی یاسا و کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام درا.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەبوبەکر عەلی جەختی لەوە کردەوە، تەواوی ئەو کۆچبەرانە دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕینن، لە ماوەکانی ڕابردوودا کە لە لیبیا ماونەتەوە، لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجیی گەڕاندنەوەیان بۆ دابین کراوە و ئەمشەو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەگەڕێنەوە کوردستان.
ئەمشەو 6 گەنجی دەڤەری ڕاپەڕین دەگەڕێنەوە هەرێم
کورتە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران، خەرجیی گەڕاندنەوەی گەنجەکان دابین دەکات.