وەزیری تەندروستیی ئەمریکا ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین بە لەناوبەری کۆمەڵی زانستی و ئەدەبیی عەرەب دادەنێت و 500 ملیۆن عەرەب بە سەرنەکەوتوو ناودەبات.
ئهمڕۆ ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا لە هەڵمەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان لە ویلایەتی میشیگن، ئاماژەی بە نەتەوەی عەرەب کرد و گوتی: "زیاتر لە 500 ملیۆن عەرەب لە جیهاندا دەژین، کەچی زانست بەرهەم ناهێنن، خەڵاتە زانستییەکان و خەڵاتی وەک نۆبێل نابەنەوە، تەنانەت ئەدەبیش ناخولقێنن."
ڕۆبەرت کێنێدی ئاماژەی بە گوتەکانی مایک ڕۆجەرس، بەربژێرێکی کۆمارییەکان کرد لەبارەی بوونی پێوەندی لەنێوان کۆمەڵی ئیخوان موسلمین و عەبدولسەیدی هەڤڕکیدا؛ ئەو گەنجە موسوڵمانەی دەشێت لە هەڵبژاردنی نیوەخولیی کۆنگرێسی ئەمریکادا لە 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ببێتە یەکەم ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی موسوڵمان.
ڕۆبەرت کێنێدی لەبارەی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمینەوە ئاشكرای كرد، ئاخاوتن لەبارەی ئەم گرووپەوە بە واتای ترس لە ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا) نایەت. ههروهها ڕوونیشی کردەوە ئەو کەسانەی لەژێر کاریگەریی ئەم ڕێکخراوەدان، لەنێو هزروڕێبازی خۆبەختکردن، کوشتن و کۆمەڵکوژیدا ڕۆچوون.
وەزیری تەندروستیی ئەمریکا باسی لە نزیکەی 1000 ساڵ لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام لە ڕابردوودا کرد، کە چۆن کۆمەڵگە موسوڵمانەکان لەو سەردەمەدا لە بوارەکانی وێژە، زانست، پزیشکی و ئەندازیاریدا لە پێشەنگدا بوون و لە پەڕتووکنووسینیشدا لە ئاستی جیهاندا پێشەنگ بوون.
ناوبراو ئەم پاشەکشەیەی لە ئاستی ئەدەبی و زانستیی عەرەبدا بۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئیخوان موسلمین گەڕاندەوە و بە گوتەی خۆی: ئەم شارستانییەتییە دەوڵەمەندە لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە لەناو براوە، کۆمەڵگەیەکی چەقبەستوویان پێک هێناوە کە تەنیا دوو شت بەرهەم دەهێنێت: ڕق و جەنگ، بۆیە بوونەتە هۆی تێکشاندنی گەلی خۆیان.
ئیخوان موسلمین گرووپێکی ئیسلامیی سوننەیە، لە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەننا لە میسر دامەزراوە و ئێستا لە تورکیا و چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا دەستە و چالاکییان هەیە.