ئەستێرەیەکی ناوداری تۆپی پێی جیهان بە فەرمی داوای لێبوردنی لە حکومەتی چین کرد، پاش ئەوەی قسەکانی لەبارەی ڕێبەرێکی مێژوویی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی تۆپی پێی بەناوبانگی فەڕەنسی، پەیامێکی داوای لێبوردنی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا بەشێوەیەکی گاڵەتجاری قسەی لەسەر ماو تسی تۆنگ، دامەزرێنەری کۆماری میللیی چینی کرد و ناوباروی بە 'دیکتاتۆر' ناوبرد.

ئەو یاریزانە فەڕەنسییە لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردەوە، بە شێوەیەکی نادروست بابەتەکەی هەڵسەنگاندووە و ئێستا تێدەگات ئە قسانەی کردوویەتی بوونەتە هۆی دڵگرانیی خەڵکی چین لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆیە بە دڵسۆزییەوە داوای لێبوردن دەکات.

لە کاردانەوەی ئەو لێدوانەی ئێمباپێدا، سێ کۆمپانیای زەبەلاحی چینی لە بوارەکانی شیرەمەنی و خواردنەوەکان گرێبەستە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو یاریزانە هەڵوەشاندەوە، بە پاساوی ئەوەی دژی هەر وتارێکن زیان بە هەستی نەتەوەیی بگەیەنێت.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، هەر لێدوانێک دژی هەستی خەڵکی وڵاتەکەی بێت لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە، هاوکات پلاتفۆرمی چینییشی 'ڕێدنۆت' تەواوی ڕیکلامەکانی مباپێی سڕییەوە و ڕێگری لە فۆڵۆوکردنی هەژمارەکەشی کرد.

ماو تسی تۆنگ، سەرکردەیەکی مێژوویی شۆڕشی کۆمۆنیستی و دامەزرێنەری چینی هاوچەرخە، سەرەڕای ڕەخنە مێژووییەکان لەسەر قوربانییانی سیاسەتەکانی، تا ئێستاش لەناو خەڵکی وڵاتەکەیدا وەک هێمایەکی گەورەی نەتەوەیی پێگەیەکی بەهێزی هەیە.