بەغدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز دەبێتەوە لە پێوەندییەکانی لەگەڵ واشنتندا، کاتێک ئەمریکا مۆڵەتی داماڵینی چەکی لە تاقمە چەکدارەکان تا حوزەیرانی 2027 درێژ کردەوە، هاوکات هۆشداریی داوە کە کەمتەرخەمی لەم پرسەدا عێراق دەخاتە خانەی دەوڵەتانی پشتیوانیکاری تیرۆرەوە.

 

ئەمڕۆ فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'عێراق 24' ڕایگەیاند، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێی ڕاگەیاندووە کە واشنتن لە گۆڕینی کاتی دانانی چەکی تاقمە چەکدارەکان لە 30ی ئەیلولەوە بۆ حوزەیرانی ساڵی داهاتوو نەرمی نواندووە، تا دەرفەت بە سەرۆکوەزیران بدات.

 

جێگری سەرۆکی پەرلەمان هۆشداری دا ئەگەر عێراق و تاقمە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت نەکەن، ئەگەری زۆرە سزای قورسی بەسەردا بسەپێنرێت، وەک وڵاتێکی پشتیوانیکاری تیرۆر پۆلێن بکرێت و لە کاتی بەشداریکردنی ئەو هێزە چەکدارانە لە شەڕی ناوچەییدا عێراق ڕووبەڕووی بۆردوومان ببێتەوە.

 

هاوکات لە بارەی بواری نەوت و بودجەوە، ئەتروشی گومانی خۆی لە توانای بەرهەمهێنانی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەربڕی و ڕەخنەی لە دیاریکردنی پشکی هەرێم بە 12.70% گرت لە کاتێکدا مافی تەواوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە.

 

پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر عێراق چەکی چەکدارە ناڕێکخراوەکان کۆنەکاتەوە، چارەنووسی وڵاتانی بەڵقانی بەسەر دێت و بەرەو لێکترازانی یەکجاری هەنگاو دەنێت.