بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی هەنارەوە، لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا ڕاپەڕاندنی مامەڵە و ئیشوکاری هاووڵاتییان لە سەرجەم بەشەکانیدا ڕاگرت.
ئەمڕۆ بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتییان بڵاوی کردەوە، لە ڕێکەوتی 28 و 29ی 10ی 2026دا تەواوی پلەدار و کارمەندانیان بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ لە شەقامەکاندا ئەرکدار دەکرێن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەهۆی پەستان و قەرەباڵغی زۆری سەر شەقامەکان و دروستبوونی ئاستەنگ لە کاتی فیستیڤاڵهكهدا، سەرجەم کارمەندانی بەشەکانی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتی بە شێوەیەکی کردەیی دەخرێنە خزمەت ڕێکخستنی شەقامەکان.
هاوکات هاتووچۆی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەو دوو ڕۆژەدا بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەکەن تا تووشی هیچ ئاستەنگێک نەبن.
ساڵانە بەهۆی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەوە سەدان هەزار گەشتیار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوو لە پارێزگاکە دەکەن، ئەمەش قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر شەقام و ڕێگاکاندا دروست دەکات.