هێزە ئهمنییهكانی عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغدا تێکشکاند و بهپێی سەرچاوەیەکی سەربازیش بێت، ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە.
ئەمڕۆ سەرتیپ سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو دەنگە بەهێزەی لە بەغدا بیستراوە دەرەنجامی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە لە ئاسمانی پایتەختدا.
بەپێی زانیارییەكان، دوای کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەنگی تەقینەوە لە چەندین گەڕەکی ناوەڕاست و باشووری بەغدا بیستراوە و دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکادا لێ دراوە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپهراسیۆنه هاوبەشەکان بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گوت: "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز هەڵدرابوو، بەڵام پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی تەقێندراوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
ناوچەی سەوزی بەغدا کە باڵیۆزخانەی ئەمرریکا و دامەزراوە هەستیارەکانی حکومەتی عێراقی تێدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن تاقمە چەکدارەکانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.