دادگای عێراق سزای 8 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر حوسێن تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا سەپاند و ناوبراوی پابەند کرد بە گەڕاندنەوەی 55 ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی دادگا لەسەر دۆسیەی دەستکەوت و قازانجی نایاسایی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکووردا دەرچووە.

 

بەپێی بڕیاری دادگا، سزادراو جگە لە 8 ساڵ زیندانی، پێویستە تەواوی ئەو 55 ملیار دینارە بگەڕێنێتەوە کە لە ڕێگەی دەستکەوتی نایاسایی لە گرێبەستەکاندا دەستی کەوتووە.

 

ناوبراو پێشتر بەربژێری جێگرەوەی پەرلەمانی عێراق بوو لەسەر هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە پارێزگای بەغدا.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، هێزە ئه‌منییه‌كان لە سەرەتای مانگی تەمووزی ڕابردوودا حوسێن تاڵبیان لە بەغدا دەستگیر کرد، ئەویش تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی لە پەرلەمانی عێراقدا وەک پەرلەمانتاری جێگرەوە سوێندی یاسایی بخوات؛ لەو کاتەشدا ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتی یاسایی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە لایەنی سیاسییەوە نییە.