پەرلەمانی عێراق هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرجەم پارێزگارەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی پشووی فه‌رمییه‌وه‌ دەکات، له‌مه‌ودوا هیچ پارێزگایەک بۆی نییە پشووی فەرمی ڕابگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ لێژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە 25ی تشرینی یەکەمی 2026 بە واژۆی ئەحمەد مەزهەر جبووری سەرۆکی لێژنەکەوە دەرچووه‌ تیایدا هاتووه‌، كه‌ دیاریکردنی پشوو تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندایه‌.

 

بەپێی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2024ی تایبەت بە پشووە فەرمییەکان، تەنیا ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی پێدانی پشووی هەیە لە دەرەوەی یاساکەدا، ئەویش بە مەرجێک لە حه‌وت ڕۆژ زیاتر نەبێت.

 

هاوکات یاساکە تەنیا یەک باری ناوازەی بۆ سێ پارێزگا دیاری کردووە ئەویش تەنیا لەبەر هۆکاری ئایینییە و هەر سەرپێچییەک لەم بڕیارە بەرپرسیارێتیی یاسایی بۆ سەرپێچیکار دروست دەکات.

 

لە ماوەی ڕابردوودا پارێزگارەکانی عێراق بەهۆی بۆنە ناوخۆیییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا یان سەردانە ئایینییەکانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پشوویان ڕادەگەیاند، ئەمەش ببووە هۆی پەکخستنی ئیشوکاری فەرمی فەرمانگەکانی دەوڵەت و ناڕەزایەتی پەرلەمانی لێ کەوتەوە.