ڕێککەوتنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال یەبەشە و یەژەشە بۆ چوونە نێو پێڕەوی ئاسایشی عێراق، کاردانەوەی توندی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە و وەزیری ناوخۆ ئەم هەنگاوەی بە دەرەوەی ڕێککەوتنی فەرمی شەنگال هەژمار کرد.
ئەمڕۆ دەزگای هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، لە ڕێوڕەسمێکی هاوبەشدا لەسەر چیای شەنگال، فەرماندەیی یەبەشە و یەژەشە لەگەڵ سوپای عێراق کۆتاییهاتنی پێگەی سەربازیی سەربەخۆی خۆیان و ڕادەستکردنی چەک و ئاسایشیان بە بەغدا ڕاگەیاند.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی لە شەنگال ڕووی دا لە دەرەوەی ڕێککەوتنی فەرمی شەنگالە و بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت.
وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد کە هەولێر بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ چۆڵکردنی سەربازگەی زێلکان و گوتیشی: "حکومەتی عێراق بڕوای بە پێڕەوی فیدراڵی نییە و داعش هێشتا مەترسییەکی ڕژدە لەسەر ناوچەکە."
لە ساڵی 2014دا، لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی داعش دەرهەق بە ئێزدییان ئەنجامی دا، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە بۆ پاراستنی خەڵکی شەنگال دامەزران.