سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی دەستەی پێوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا کرد و پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدانیان تاوتوێ کرد.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای بازرگانان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی تورکیا ناسراو بە (دەییک - DEİK) کۆبووەتەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر ئامادەی بوون، سه‌رۆكوه‌زیران ئامادەی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی تورکیا دەربڕی.

 

شاندە تورکییەکەش خواستی کۆمپانیاکانیان بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشان دا و هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەستنەوەی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کردەوە.

 

بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە، کە بەشێکی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.