لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری سلێمانی، ژنێک بە ناوی ڕووناک مەحموود دوای ئەوەی لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە لێی درا و شۆفێرەکە هەڵات، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

 

ئه‌مڕۆ دادوەرێک لە دادگای سلێمانی بە ناوی (م. هـ) وەک یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ڕووداوەکە خۆی ڕادەستی دادگا کرد، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی تر لە قوربانییەکەی داوە و پاشان ئۆتۆمبێلەکەی ئەم دووبارە لێی داوەتەوە.

 

لە هەمان کاتدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری دەبڵی سپی لە ڕووداوەکەدا تێوەگلاوە و شۆفێرەکەی تا ئێستا خۆی ڕادەست نەکردووە و دەستگیر نەکراوە، لە کاتی ڕووداوەکەدا جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو ژنە، خۆکێشان بە دوو ئۆتۆمبێلی تردا زیانی زۆری ماددیی لێکەوتووەتەوە.

 

کەسوکاری قوربانییەکە ڕایانگەیاندووە، بەهۆی هەڵاتنی شۆفێرەکان و نه‌بردنی بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە بە ئاسانی لە تۆمەتباران خۆش نابن؛ سەختیی برینی قوربانییەکە بە جۆرێک بووە کە بەشێکی قاچی پەڕیوە و تا کاتی بەخاکسپاردنیشی خوێنبەربوونی هەبووە.

 

دوێنێ شه‌و له‌ نزیک هەواری شاری پارێزگای سلێمانی، ژنێک به‌ناوی ڕووناک مه‌حموودی ته‌مه‌ن 67 ساڵان به‌هۆی ڕووداوێكی سه‌ختیی هاتووچۆوه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.