هاشم کەلاری، کەسایەتی ناسراوی ناوچەی گەرمیان دوای زیاتر لە 45 ساڵ مانەوە لەسەر جێگا و لەدەستدانی تەواوی توانای جووڵەی جەستەی، بەیانی ئەمڕۆ گیانی سپارد.
ئەمڕۆ هونەر ئەحمەد، پەیامنێری دەزگای میدیایی پایتەخت لە گەرمیان ڕایگەیاند، ئەم پیاوە لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا بە سەختی بریندار ببوو، بەهۆیەوە دڕکەپەتکی پچڕابوو و سەرجەم بەشەکانی جەستەی لە جووڵە کەوتبوون، سەرەنجام ئەم بەیانییە چاوەکانی لێک نا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی ئەو 4 دەیە و نیوەدا، هاشم کەلاری تەنیا توانای جووڵاندنی سەری مابوو و تەواوی ژیانی لەگەڵ خوێندنەوەی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا بەسەر دەبرد؛ بە جۆرێک بە ددانەکانی و لە ڕێگەی پێنووسێکی ئەلیکترۆنییەوە، پەڕەکانی ناو کۆمپیوتەرەکەی لای سەریی هەڵدەدایەوە.
هاشم کەلاری لە ناوچەی گەرمیان وەک هێمای خۆڕاگری و ئارامگری لە بەرامبەر نەخۆشی و ئازاردا دەناسرا؛ هەواڵی کۆچی دوایی ئەو، خەم و هاوخەمییەکی فرەوانی لەنێو دانیشتووانی ناوچەکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووه.