بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، کە بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە زۆر سەپێنراو نییە بەڵکو لەسەر بنەمای هاندانە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕینی دیناری نەختینە (کاغەز) بە هۆکارەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە هیچ شێوەیەک بە زۆر نییە و لەسەر بنەمای زۆرەملێ بەڕێوە ناچێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی هاتووە، پشتبەستن بە پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕێڕەوێکی بانکیی پێشکەوتووە و لە سەرانسەری جیهاندا پەیڕەو دەکرێت.
بانکی ناوەندی عێراق باسی لەوە کرد، لەهەمان کاتدا هانی هاووڵاتییان دەدرێت بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستەمە، بەڵام پرۆسەکە بە شێوەی ئارەزوومەندانەیە و هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی پارەکانیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی ناچار ناکرێن.