وەزارەتی بازرگانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی حهوتەمین بەشەخۆراک (سەبەتەی خۆراک) و بەشەخۆراکی چاوەدێریی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا دەست پێکرد.
ئهمڕۆ لەسەر ڕاسپاردەی د. مستەفا نەزار، وەزیری بازرگانی عێراق، کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەرەستە خۆراکییەکان ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی حهوتەم و بەشەخۆراکی چاوەدێریی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا دەست پێکرد.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانیدا هاتووە، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ لە دوای تەواوکردنی دابەشکردنی بەشەخۆراکی 6ەم دێت، کە ڕێژەی دابەشکردنی لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراقدا گەیشتووەتە 80%.
وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوەش کردەوە، بەردەوامیی دابینکردنی پێکهاتە و کەرەستەکانی بەشەخۆراک، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، جێگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕدا و سووککردنی بارگرانیی ژیان لەسەر شانی هاووڵاتییان، بەتایبەت گرنگیدانی زیاتر بە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیاندا.