لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتی عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەست دەوڵەتدا، یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) دەخرێنە سەر دەزگا فەرمییەکانی عێراق.
ئەمڕۆ بە چاودێری و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕێوڕەسمی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی سەربازیی یەکەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) و تێکەڵکردنیان بە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق بەڕێوەچوو.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە جەبەل شنگال بۆ سەر دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق جێبەجێ کرا.
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامە و ستراتیژی حکومەتی عێراقدا دێت بۆ کۆکردنەوەی تەواوی چەک لە دەست دەوڵەتدا، ئامانج لەم بڕیارە دروستکردنی قۆناغێکی نوێی ئارامی و بەڕێوەبردنی ئەمنییە لە سنووری قەزای شنگالدا.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیشی لەسەر بەرزنرخاندنی قوربانیدانی پێکهاتەی ئێزدی کردەوە لە بەرگریکردن لە خاکی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.
سەباح نوعمان باسی لەوە کردووە، حکومەت پابەندبوونی تەواوی خۆی دەربڕێت بەرامبەر پاراستنی مافی شایستەی ئێزدییەکان، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران، خێراکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال.