دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم فەرمی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (مستەفا دوعەیر عەبدولحەسەن)، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار کرا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن جەبار حوسێن عەلیوی، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم دەرچووە، سکاڵاکە لەسەر بنەمای هەڕەشەکانی ناوبراوە بۆ ئەنجامدانی یاخیبوونی مەدەنی، بڕینی ڕێگاکان و پێدانی مۆڵەتی سێ ڕۆژ بە حکومەتی عێراق بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووریی شەیب.
لە دانیشتنەکەدا، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بەپێی ماددەی 224 / بڕگەی دووەم لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو) دەرکرد؛ کە تێیدا سزای بەندکردن دیاری کراوە بۆ هەر هەوڵێک کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاستەنگ بێت لە کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت، بڕینی ڕێگاوبان یان هاندانی یاخیبوون بەرامبەر دەسەڵاتی گشتی.
پێشتر مستەفا دوعەیر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، مۆڵەتی 3 ڕۆژی (تا پێنجشەممە 2026/10/29) دا بە حکومەتی فیدراڵ بۆ کردنەوەی دەروازەی شەیبی لەگەڵ ئێراندا، هۆشداریی دا کە بە پێچەوانەوە ناڕەزایەتییەکان بەرەو یاخیبوونی مەدەنی و داخستنی تەواوی ڕێگاکان دەچن.
ڕاستەوخۆ دوای هەڕەشەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی فەرمی لەگەڵ ناوبراودا دەرکرد؛ ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی زمانێکی توند و هەڕەشەکردن لە ڕێکارە فەرمییەکانی دەوڵەت.